ژینا ئەمینی بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد تووشی جەڵتەی مێشک بووە

ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە

٢٤ خەرمانان ٢٧٢٢، ١١:٣٨


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٢

ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووەتە کۆما و ئاستی وشیاری لە خوارەوەیە و لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژینا ئەمینی لە نزیک شاڕێی حەقانی تاران لەلایەن گەشتی ئێرشاد دراوەتە بەر لێدان و دوای دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی وزای ئەو شارە.

یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەمینی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکران بە باتۆم دراوەتە بەر لێدان و سەری بە سەختی بریندار بووە دوای گواستنەوە بۆ دەستبەسەرگە باری تەندروستی تێک دەچێت و بە ئەمبوڵانس دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا و تا ئێستا ئاستی وشیاری ٣ ڕاگەیەندراوە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ئەمینییان ڕاگەیاندووە ژینا تووشی جەڵتەی مێشک بووە هیوایەک بۆ باشبوونەوەی نییە.

هەنگاو زانیویەتی بنەماڵەی ئەمینی چوونەتە ئەو ژوورەی ژینای تێدا ڕاگیراوە و بەڵام ئیزنیان نەدا فیلم هەڵبگرن، بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە جەستەی ژینا ڕەش و شین بووە و ئاسەواری لێدان بەسەر دەموچاو، لاق و جەستەیەوە دیار بووە.

ئەم سەرچاوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەمینی کردووە کە نابێت بە هیچ شێوە لەو بارەوە لەگەڵ میدیای دەرەکی قسە بکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە