جەبار دەستباز، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی دیواندەرە دەستبەسەر کرا
لە درێژە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی ناڕازیی کورد لە کوردستان و ئێراندا لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، جەبار دەستبار،
هەنگاو: سێشەممە، ۵ی ڕەزبەری ٢٧٢٢
لە درێژە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی ناڕازیی کورد لە کوردستان و ئێراندا لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، جەبار دەستبار، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری دیوانەدەر و دانیشتووی شار سنە ڕفێندراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی (٢٤ی سێپتەمبەری ٢٧٢٢ی کوردی)، جەبار دەستباز، ڕۆژنامەنووسی کورد و خەڵکی شاری دیواندەرە و دانیشتووی شاری سنە، لە چوار ڕێیانی سیروسی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە لێدان و بێڕێزیکردن ڕفێندراوە.
سەرەڕای ئەوەی کە شەش ڕۆژ لە ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییە کوردە تێپەڕ بووە، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.
جەبار دەستباز خەڵکی شاری دیواندەرە و دانیشتووی شاری سنە و یەکێک لە چالاکانی دیار و ناسراو، هەروەها ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەسەر پرسی کۆڵبەران، قوربانییانی مین، ژنان و توندوتیژیی بنەماڵەیی ڕاپۆرتی ئامادە و بڵاو کردووەتەوە، بەم هۆکارە زۆر جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوە و تەنانەت هەڕەشەشی لێ کراوە.