ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان/ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی دوو چالاکی ژن لە سنە

دوو چالاکی ژن بە ناوەکانی گەلاوێژ تەهماسبی تەمەن ٣٩ ساڵ و سومەیە ئیبراهیمی تەمەن ٣٦ ساڵ لە کاتی ناڕەزایەتییەکان بە مەبەستی شەرمەزار کردنی کوشتنی ژینا ئەمین

٨ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٥:٢٨

 

هەنگاو: هەینی ٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

دوو چالاکی ژن بە ناوەکانی گەلاوێژ تەهماسبی تەمەن ٣٩ ساڵ و سومەیە ئیبراهیمی تەمەن ٣٦ ساڵ لە کاتی ناڕەزایەتییەکان بە مەبەستی شەرمەزار کردنی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، گەلاوێژ تەهماسبی چالاکی مەدەنی و سومەیە ئیبراهیمی چالاکی ژینگەپارێزی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی یەکشەممە ٣ی ڕەزبەر ٢٧٢٢ (٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کرانی ئەم دوو چالاکە توندوتیژیان بە کار هێناوە.

دوای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ بە سەر دەستبەسەرکرانی ئەم دوو چالاکە لە سنە و سەرە ڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەر دەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە