حوسێن سەفامەنش هونەرمەندی ناوداری کورد دەستبەسەرکرا

حوسێن سەفامەنش هونەرمەندی ناوداری خەڵکی کرماشان، دوای ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی هاوکاری و کارکردنی لەگەڵ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی و هەروەها دەنگ

١٥ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٣:٤٣


هەنگاو: هەینی ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

حوسێن سەفامەنش هونەرمەندی ناوداری خەڵکی کرماشان، دوای ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی هاوکاری و کارکردنی لەگەڵ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی و هەروەها دەنگ و ڕنەگی ئەو وڵاتە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی، دەستبەسەرکرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری تاران هونەرمەند حوسێن سەفامانەشی بانگکردووە و پاشان دەستبەسەریان کردووە و چارەنووسی ناوبراو نادیارە.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم هونەرمەندە لاو و خۆشناوە، لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی کچە ١٥ ساڵانەکەی، لە هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئاگادار کردووەتەوە.

حوسێن سەفامەنش، لە کاتێکدا دەستبەسەر کراوە، کە ماوەکانی پێش، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە ئینستاگرام ڕایگەیاند کە کۆنسێرتەکەی لە شاری هەولێر، سەرەڕای فرۆشتنی هەموو بلیتەکانی هەڵوەشاندووەتەوە.


ئەم هونەرمەندە لە بەشێک لە قسەکانیدا دەڵێت: "تەواوی هاوکارییەکانم لەگەڵ وەزارەتی ئیرشاد وفەرهەنگ و هەروەها ناوەندی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ڕادەگرم و چی دیکە لەگەڵیان کار ناکەم".


بەڕێز سەفامەنش لە درێژەی قسەکانیدا گوتبووی: "خۆم بە هونەرمەند نازانم، بەڵام دەزانم ئەرکی هونەرمەند ئەوەیە، کە لە کاتە مێژووییەکاندا لە پاڵ خەڵکدا بێت نەک ڕووبەڕوویان. من حوسێن سەفامەنش ئەوە ڕادەگەیەنم کە هەتا کاتێک خەڵک لەسەر شەقام بن، سەکۆی کۆنسێرتەکانی منیش سەر شەقامەکانە نەک تالاری وەحدەت یاخود بورجی میلاد، من لەگەڵ ئێوەم".
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە