سنە؛ دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی دوو برای ١٥ و ١٦ ساڵە
دوو برای مێرمنداڵی خەڵکی سنە بە ناوەکانی هەورام حوسێنی ١٥ ساڵ و ئالان حوسێنی ١٦ ساڵە لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شاری سنە
هەنگاو: هەینی ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢
دوو برای مێرمنداڵی خەڵکی سنە بە ناوەکانی هەورام حوسێنی ١٥ ساڵ و ئالان حوسێنی ١٦ ساڵە لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شاری سنە دەستبەسەرکراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم دوو برا مێرمنداڵە بە ناوەکانی ئالان و هەورام حوسێنی و هەردووکیانیان دەستبەسەرکردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە حکومییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو دوو برایە، هەر دوویان داوەتە بەر لێدان و کوتان و توندوتیژیان بەکارهێناوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بە سەر دەستبەسەرکرانی ئەو دوو کەسە و بەداواداچوونە بەردەوامەکانی بنەمەڵەکەیان، شوێنی دەستبەسەرکران و چارەنووسییان نادیارە.
شیاوی ئاماژە پێدانە، کە خێزانی ئەم دوو برایە خەڵکی گوندی شیان و دانیشتووی شاری سنەن.