عەزیز وەیسی، هونەرمەندی ناسراوی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆ دەستبەسەر کرا

عەزیز وەیسی، هونەرمەندی ناودار و ناسراوی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆ، پاش تۆمار و بڵاوکردنەوەی گۆرانییەک بۆ گیانبەختکراوانی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی ئەم ماوە

٢٣ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٦:٠١


هەنگاو: شەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی

عەزیز وەیسی، هونەرمەندی ناودار و ناسراوی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆ، پاش تۆمار و بڵاوکردنەوەی گۆرانییەک بۆ گیانبەختکراوانی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی ئەم ماوەیە لە کوردستان و ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی (۱۵ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ی زایینی)، عەزیز وەیسی، هونەرمەند ناودار و ناسراوی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن دادگای ئەو شارەوە بانگ کراوە و پاشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بۆ هەنگاو نێردراون؛ لقی ١۶ی دادگای لێپرسینەوەی تاوانەکان لە شاری کرماشان، ئەو هونەرمەندەیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە پڕوپاگەندەی بە دژی نیزانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کردووەتەوە.

شایانی باسە کە هۆکاری دەستبەسەرکردنی هونەرمەند عەزیز وەیسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گۆرانییەکی بۆ گیانبەختکراوانی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی ئەم ماوەیە لە کوردستان و ئێران، تۆمار کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە فەرمی و نافەرمییەکانی ئەو هونەرمەندەدا بڵاو کراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە