دەستبەسەرکرانی سێ ئەندامی بنەماڵەی واران محەممەدنژاد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

سێ ئەندامی بنەماڵەی واران محەممەدنژاد، خوێندکاری دەستبەسەرکراوی خەڵکی سنە، بە ناوەکانی پەیام میری، سەحەر وەهابی و ویدا محەممەدنژاد، لە کاتی بەدواداچوونیان ب

٢٥ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٠:٤٢


هەنگاو؛ دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

سێ ئەندامی بنەماڵەی واران محەممەدنژاد، خوێندکاری دەستبەسەرکراوی خەڵکی سنە، بە ناوەکانی پەیام میری، سەحەر وەهابی و ویدا محەممەدنژاد، لە کاتی بەدواداچوونیان بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی واران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، سێ کەس لە بنەماڵەی واران محەممەدنەژاد، ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی فەرهەنگی نۆژین و خوێندکاری زانکۆ، لە کاتی بەدواداچوونیان بۆ وەرگرتنی هەواڵێک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو، لەبەرامبەر دەستبەسەرگەی (شەهرامفەر) ی ئیتلاعاتی سوپا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.

هەنگاو زانیویەتی کە هەر یەک لە پەیام میری هاوژینی واران، سەحەر وەهابی دایکی واران و ویدا محەممەدنژاد خوشکی واران، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و چارەنووسیان نادیارە.
واران محەممەدنژاد، خوێندکاری ماستەری بەشی هونەری زانکۆی یەزد، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ شاری یەزد لە تێرمیناڵی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو.

ڕۆژی ڕابردوو هەنگاو بڵاوی کردووە کە واران محەممەدنژاد، لە ڕۆژی دەستبەسەرکرانییەوە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە شێوازی دەستبەسەرکرانی و ڕەفتاری توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەری مانی لە خواردن گرتووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی محەممەدنژاد لەمبارەوە بەهەنگاوی ڕایگەیاند: "واران تەنیا بە زمانی کوردی وەڵامی لێکۆڵەرەکان دەداتەوە و هەتا ئێستا ڕازی نەبووە کە بە زمانی فارسی وەڵام بداتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی گوشارەکان بۆ سەر ناوبراو زۆرتر بن".
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە