هەنگاو ناسنامەی ١٩ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ئابدانان ئاشکرا دەکات

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، زیاتر لە ١٩ کەس لەلایەن

٢٧ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١١:١٨


هەنگاو: چوارشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢


لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، زیاتر لە ١٩ کەس لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە شاری ئابدانان و زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە، کە هەتا ئێستا تەنیا ناسنامەی ١٩ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

ناسنامەی ئەو ١٩ هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە کە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، بەم شێوەی خوارەوەیە:

ئەحمەد عەلیزادە، سەعید ڕەحمەتی، کوروش ڕەحمەتی، محەممەد بووچانی، حەمید بووچانی، جەلال عەبدوڵڵاهی. ڕەزا مورادخانی، حەسەن لالەزاری، موسا پیرانی، حوسێن کولیوەندی، عەلی کولیوەندی، بێهروز شێخی، ڕوحوڵڵا ڕەحیمی، موسا سەبزەواری، سەجاد ڕەحمانی، ئەمیر حوسێن وەلیزادە، سەجاد خەیری، بێهزاد خەیری و ئارمین خەیری.


شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ئەم کەسانە لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری لە شاری ئابدانان، کە بەهۆی دەستتێوەردانەکانی هێزە ئەمنییەکان توندوتیژی لێکەوتەوە دەستبەسەرکراون.

هەنگاو پێشتر بڵایکردبووەوە کە هێزە حکومییەکان تەقەیان لە خەڵکی ناڕازی کردووە و زیاتر لە ١٥ کەس برینداربوون.

ئەحمەد عەلیزادە مامۆستای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان و سەجاد ڕەحمانی کادیری دەست لەکار کێشاوەی هێزە نیزامییەکان لەو کەسانەن کە دەستبەسەرکراون. هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو لە تویتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە لە کاتی گواستنەوەی دەستبەسەرکراوەکان لە شاری ئابدانانەوە بۆ ئیلام، لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان تێکهەڵچووەن ڕوویداوە ولە ئەنجامی تەقەی هێزە حکومەتییەکان ژنێک بریندار بووە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو ژنەی کە بریندار بووە، دایکی سەجاد ڕەحمانییە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی دەستبەسەرکران و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە