ناڕوونیی چارەنووسی یەکێک لە بریندارەکانی شاری مەهاباد کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ڕفێندراوە

هاووڵاتییەکی خەڵکیشاری مەهاباد بە ناوی پەیمان گوڵابی، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی هەفتەی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسل

٢٧ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٢:٠٣


هەنگاو؛ چوارشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢


هاووڵاتییەکی خەڵکیشاری مەهاباد بە ناوی پەیمان گوڵابی، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی هەفتەی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار ببوو، لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراوە و تاکوو ئێستا چارەنووسی و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ پەیمان گوڵابی، پزیشکی ئاژەڵان (دامپزشک) و خوێندکاری ماستەری تەلارسازی (معماری)، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ی زایینی) لە نزیک ماڵەکەی خۆیەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بووە و پاشان لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە سەرکوتکەرەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییەدا کە بە سەختی بریندا ببوو، زۆریان لێی داوە و هەروەها بێڕێزییەکی زۆریشیان پێ کردووە و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.


کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی گوڵابی لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: "لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا سێ جار لە نەخۆشخانەکانی شاری مەهاباد، ئورمیە و میاندواو پەیوەندییان بە ئێمەوە گرتووە بۆ پاکانە حیساب و هێنانە دەرەوەی پەیمان، کە هەر کام لەو نەخۆشخانەکانی مەهاباد بڕی ٤ ملیۆن و ۵٠٠ هەزار تمەن، ئورمیە بڕی ٨ ملیۆن تەمەن و میاندواو بڕی ٤ ملیۆن و ۵٠٠ هەزار تمەنیان داوا کردووە و سەرەڕای ئەوەش تاکوو ئێستا نەیانهێشتووە چاومان بە پەیمان بکەوێت".

ئەو سەرچاوەی هەروەها وتیشی: "تەنیا پردی پێوەندی لەگەڵ نەخۆشخانەی ڕەزایە هەژماری بانکیی ئەو نەخۆشخانەیە بووە، بەڵام نەخۆشخانەکانی مەهاباد و میاندواو هەژماری بانکیی کەسێکی تایبەتیان بە ئێمەیان داوە و ئێمەش بڕە پارەکەمان خستە سەر ئەو هەژمارە بانکییە".

ئاسۆ گوڵابی، برای پەیمان لەم پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "ئێمە لە ڕێگەی ناسراوەکانی خۆمانەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە پەیمان هەر دوو پێی، دەستی ڕاستی، لووتی، چناکەی و ددانەکانیشی شکاون و وێڕای ئەوەی کە پێویستی بە چارەسەری خێرایە، لە گرتنگەی سپای پاسداران لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراوە".


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە