خەبات ئەسەدی، تووشبووی شەکرە لە بەندیخانە و لە بارودۆخی نامرۆڤانەدا ڕاگیراوە

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی خەبات ئەسەد تەمەن ٤١ ساڵ، نزیک بە دوو حەوتوو پێش لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و

٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٩:٢٨


هەنگاو؛ سێشەممە، ٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی خەبات ئەسەد تەمەن ٤١ ساڵ، نزیک بە دوو حەوتوو پێش لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و وێڕای ئەوەی کە تووشبووی نەخۆشیی شەکرەیە، لە مافی ئازادی و دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانی پێویست، بێبەری کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ خەبات ئەسەدی، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لە ناوچەی حاجی ئاوای شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە و هەنووکەش لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای شەهرامفەر ڕاگیراوە.

یەکێک لە ناسراوانی بنەماڵەی ئەسەدی لەم پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: "خەبات ئەسەدی تووشبووی نەخۆشیی شەکرەیە و دوو ساڵ پێش پێی ڕاستی ناوبراو بەو هۆکارەوە لەلایەن پزیشکانەوە بڕدراوەتەوە. بەو حاڵەشەوە و وێڕای هەبوونی هەموو بەڵگە پزیشکییەکان، ئەو ناوەندە ئەمنییەی کۆماری ئیسلامی دژایەتیی ئازادیی کاتی و پێشگیریی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی دەکەن".

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنییەتییەوە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت هەم لەم بارەیەوە وتی: "خەبات ئەسەدی لە کاتی گیران و دەستبەسەرکردنییەوە تاکوو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و تەندروستیی ناوبراو لە مەترسیدایە".
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە