کوژرانی سێ هاووڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی مەهاباد
هەنگاو: پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢
لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) شاری مەهاباد، لانی کەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی کوبرا شێخ سەقا، زانیار ئەبووبەکری و شاهۆ خزری بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانیان لەدەستدا.
هەنگاو زانیویەتی کە کوبرا شێخ مستەفا تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی گوندی دێ مەلا سەر بە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی مەهاباد، لە نزیک گۆڕەپانی مەلاجامی کوژراوە.
هەروەها هەر یەک لە شاهۆ خزری و زانیار ئەبووبەکری لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.
شیاوی ئاماژە پێدانە، کە هاووڵاتییەکی دیکە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ کوژراوە، کە هەتا ئێستا ناسنامەی بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.
لەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ئیسماعیل مەولوودی، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شاری مەهاباد لە ماوەیەکی کورتدا دەستی پێکرد. زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس ڕژانە سەرشەقامەکان، کە توانیان بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبگرن بەسەر ئیدارەکانی دارایی، کومیتەی ئیمداد، شارەوانی و چەندین بانکدا. هەروەها کەلانتەری ١١ی ئەو شارە و بینای دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە گەمارۆی خەڵکدا بوون.
بەگوێرەی دیمەنەکان و وتەی شایەت حاڵان، هێزەکانی سوپای پاسداران هێزە تایبەتەکان لەسەر سەربانی زۆرێک لە بینا حکومییەکان جێگیر بوون و خەڵکیان داوەتە بەر دەستڕێژ.
هەنگاو جەخت دەکاتەوە، کە هێزە حکومەتییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان و لە ڕادەبەدەر کەڵکیان لە گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی شەڕ وەرگرتووە.