ڕفاندنی ١٤ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە قەسری شیرین
دوای خۆپیشاندان و بەرخۆدانی خەڵکی شاری قەسری شیرین، لە ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی، زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتی ئەو.
هەنگاو: دووشەممە ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢
دوای خۆپیشاندان و بەرخۆدانی خەڵکی شاری قەسری شیرین، لە ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی، زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتی ئەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ڕفێندراون.
هەتا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ١٤ کەس لەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە ئاشکرا بکات کە بریتین لە: ئارین ڕەزایی تەمەن ١٧ ساڵ، قوباد پابەرجا، مەسعود مورادی، ئەشکان مورادی، ئەردەڵان نەجەفی، مێهرداد ڕەزایی، وەحید شادمان، کامەران باڵکان، سینا باڵئەفکەن، مەهدی فەقیری، ئەبولفەزڵ ڕۆستەمی، فەرید مەردانی، ڕەزا ئەمیری تەمەن ٥٠ ساڵ و جەوهەر مورادی.
هەنگاو زانیویەتی کە جەوهەر مورادی لەکاتی دەستبەسەرکرانی، کەوتووەتە بەر کوتان و لێدانی هێزە حکومییەکان و بەهۆیەوە دەست و لاقی شکاوە و تووشی خوێنبەربوونی گەدە بووە.
هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی کوڕی ڕەزا ئەمیری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی، بەڵام لە دوای ئەوەی کە نەیانتوانیوە کوڕەکەی دەستبەسەربکەن ڕەزا ئەمیرییان ڕفاندووە.
شیاوی ئاماژە پێدانە کە ژمارەی دەستبەسەرکراوانی شاری قەسری شیرین زیاتر لە ٢٠ کەسە. بەڵام هەتا ئێستا ناسنامەی ١٤ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.