هاووڵاتییەکی کورد لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی حکومەت لە تاران گیانی لەدەستدا
هاووڵاتییەکی کورد تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ بەناوی سامان قادرپوور، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شاری تاران دەستبەسەرکرابوو، لەژێر ئەشک
هەنگاو: چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢
هاووڵاتییەکی کورد تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ بەناوی سامان قادرپوور، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شاری تاران دەستبەسەرکرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سامان قادرپوور لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شاری تاران دەستبەسەرکرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و بەهۆی ئازاری سەختەوە ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) گیانی لەدەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی دووشەممە ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە بنەماڵەی قادرپووریان ڕاگەیاندووە کە بۆ ناسینەوەی تەرمی کوڕەکەیان بڕۆن بۆ شاری تاران. مامی سامان دوای ڕۆیشتنی بۆ ساردخانەی بەهەشتی زارای ئەو شارە، تەرمی ناوبراوی ناسیوەتەوە.
ئەم سەرچاوە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت بە هەنگاوی ڕاگەیاند: " ناوەندە ئەمنییەکان بە مامی سامانیان وتووە کە برازاکەت بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە، بەڵام مامی جەختی کردووەتەوە کە دەموچاوی سامان بەهۆی ئەشکەنجەوە شین بووەتەوە ئاسەواری برینداری پێوە دیاربووە".
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند لەو کاتەدا کە تەرمی سامان لە ساردخانەی بەهەشتی زارای تاران ڕاگیرابوو، ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی قادرپووریان ڕاگەیاندووە کە دەبێت ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی سامان قادرپوور بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی شار شنۆ بەڕێوەبچێت و هیچ کەسێک تەنانەت دایکیشی مافی بینینی تەرمی ناوبراوی نییە".
تەرمی سامان قادرپوور شەوی ڕابردوو بە بنەماڵەکەی دراوەتەوە و بڕیار وایە کە ئەمڕۆ لە زێدەکەی خۆی بەخاک بسپێردرێت.