ڕفاندنی یازدە هاووڵاتی لە شاری سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
یازدە هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی سەلام سەلاحیان، حەیدەر نوسرەتی، ڕەزا حەیدەریان، فواد نەجەفیان، بارام نەجەفیان، ئەدیب قادری، مێهر
هەنگاو: دووشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢
یازدە هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی سەلام سەلاحیان، حەیدەر نوسرەتی، ڕەزا حەیدەریان، فواد نەجەفیان، بارام نەجەفیان، ئەدیب قادری، مێهرگان سلێمانی، کامیار قادری، جەماڵ یووسفی، ئەهوەن خادمی و کەیوان محەممەدی بە ئاماری ئەو کەسانەی کە لەم دوایییانە و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون، زێدە کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی (٢٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی) سەلام سەلاحیان، حوسێن نوسرەتی و ڕەزا حەیدەریان لە ماڵی خۆیاندا و لەلایەن ناوەند ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون.
لە درێژەی ئەم گیران و ڕفاندنانەدا بەپێی ڕۆژ و ڕێکەوت: فواد و بارام نەجەفی، لە ڕۆژەکانی سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی، لە شەقامەکان و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراومەوە.
هەروەها لە ڕۆژەکانی ١٢ و ١٣ی خەزەڵوەردا ئەدیب قادری و مێهرگان سلێمانی، هونەرمەند و گۆرانیبێژ لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخیان لە بەردەستدا نییە.
لە درێژەی ڕفاندنی هاووڵاتییانی کوردستاندا، ڕۆژی شەممە، ١٤ی خەزەڵوەر جەماڵ یووسفی و ڕۆژی دواتریش واتە ١۵ی خەزەڵوەر، ئەهوەن خادمی و کەیوان محەممەدی لە ئازادیی شاری سنە (مەیان ئێقباڵ) لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون و پاشانیش بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، تاکوو ئێستا بە هۆکاری گوشارە جۆراوجۆرەکان و بەتایبەت ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و... بۆ سەر بەندکراوان و ڕفێندراوان، لانی کەم پێنج کەس لە بەندیخانەکانی حکومەت لە شارەکانی ئورمیە، سنە، سەقز، ئیلام و تاران گیانیان لەدەست داوە.