ڕفاندنی شەش هاووڵاتیی شاری مەهاباد لەلایان هێزە حکومەتییەکانەوە
لە درێژەی ڕەوتی ڕفاندنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، شەش هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی موحسین مەعرووفی، ڕێبوار مەولاننژاد،
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢
لە درێژەی ڕەوتی ڕفاندنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، شەش هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی موحسین مەعرووفی، ڕێبوار مەولاننژاد، محەممەد لەشکەری، ئەمیر عەبدوڵڵازادە، عەلی حەکیم و محەممەد قەرەنیئازەر ڕفێندراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ۶ تاکوو ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی، موحسین مەعرووفی، ڕێبوار مەولاننژاد، محەممەد لەشکەری، ئەمیر عەبدوڵڵازادە، عەلی حەکیم و محەممەد قەرەنیئازەر، شەش هاووڵاتیی شاری مەهاباد لەلایەن هێز حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، موحسین مەعرووفی، ڕێبوار مەولاننژاد، محەممەد لەشکەری، ئەمیر عەبدوڵڵازادە و عەلی حەکیم، لە ڕۆژەکانی هەینی، ۶ی خەزەڵوەر و شەممە، ٧ی خەزەڵوەر لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوانەتەوە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی (٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی) محەممەد قەرەنیئازەر، تەمەن ۵٧ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی شایەتحاڵان، هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی دڕندانە ڕێبوار مەولاننژادیان ڕفاندووە.
تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی دروست لەسەر چارەنووس، دۆخی تەندروستیی دەروونی و جەستەیی و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردانە لە بەردەستدا نییە.