بەردەوامیی دەستبەسەربوونی مەسعوود کورد پوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان پاش ۵٣ ڕۆژ

وێڕای تێپەڕبوونی ۵٣ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی مەسعوود کورد پوور، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٢٢:٤٩


هەنگاو: هەینی، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

وێڕای تێپەڕبوونی ۵٣ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی مەسعوود کورد پوور، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ مەسعوود کورد پوور ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٠ سێپتەمبەری ٢٠٢٢) دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا بارودۆخ و چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتوون، مەسعوود کورد پوور چوار ڕۆژ پاش دەستبەسەربوونی بۆ بەندیخانەی ئیتلاعات لە شاری ئورمیە گوازراوەتەوە و هەنووکەش لە بەندیخانەی ناوەندیی حکومەت لەو شارەدایە.

ئەو بەندکراوە کوردە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و ئەمنییەتی نیشتمانی دەستبەسەر کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتی دەستبەسەربوونی مەسعوود کورد پوور تاکوو ئێستا پارێزەرەکەی چەندین جار داوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ ناوبراو کردووە کە لەلایەن ناوەند و دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ئەو داخوازییە ڕەت کراوەتەوە.

شایانی باسە کە مەسعوود کورد پوور یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کوردستانە کە خاوەن، ئەزموون و ڕابردوویە لە ڕۆژنامەنووسیدا و لەو بوارەشدا بەردەوام چالاک بووە، پێشتریش چەندین جار دەستبەسەر کراوە و سزای بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە