ڕفاندنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشایی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
لە درێژەی ڕفاندنی زنجیرەیی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی محەممەد مامی، عەباس ئەرغەندە و محەممەد کەرەمی لە شا.
هەنگاو؛ شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢
لە درێژەی ڕفاندنی زنجیرەیی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی محەممەد مامی، عەباس ئەرغەندە و محەممەد کەرەمی لە شارەکانی ئیلام و مەلەکشایی ڕفێندراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ١۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (۶ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) محەممەد مامی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی مەلەکشایی لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.
هەروەها پاش ٤٨ کاتژمێر، واتە ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر (٨ی نۆڤەمبەر)، عەباس ئەرغەندە و محەممەد کەرەمی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان و لە شارستانی مەلەکشایی ڕفێندراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتوون، عەباس ئەرغەندە، تەمەن ٢٧ ساڵ لە شەقامی سەعدیی شاری ئیلام ڕفێندراوە.
تاکوو ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە ڕفێندراوانە لە بەردەستدا نییە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕاپۆرت بۆ بە دەستی هەنگاو گەیشتووە کە هێزە حکومەتییەکان بەردەوام هەڕەشە لە بنەماڵە و کەسوکاری هاووڵاتییە ڕفێندراوەکان دەکەن.