لە یەک ڕۆژدا لە شاری بۆکان ٦ هاووڵاتی بە تەقەی هێزە حکومەتییەکان کوژران
لە بەرخۆدانی خەڵکی بۆکان ڕۆژی ڕابردوو و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان، مستەفا شەعبانی، غەفوور مەولوودی، هەژار مام خەسرەوی، هیوا جان جان و
هەنگاو: هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢
لە بەرخۆدانی خەڵکی بۆکان ڕۆژی ڕابردوو و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان، مستەفا شەعبانی، غەفوور مەولوودی، هەژار مام خەسرەوی، هیوا جان جان و ئەمجەد عینایەتی کوژراون و بریندارێکیش بەناوی میلاد مەعرووفی ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، پێنج هاووڵاتیی شاری بۆکان، بە ناوەکانی مستەفا شەعبانی، غەفوور مەولوودی، هەژار مام خەسرەوی، هیوا جان جان و ئەمجەد عینایەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژران.
بەوتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو لە بۆکان، کەوسەر و کامیل شەعبانی، خوشک و برای مستەفا شەعبانی، کە ڕۆژی ڕابردوو لە شەقامی سەردار عەزیز خان موکری لە گەڕەکی مەجبورئاوای شاری بۆکان بە گوللەی هێزە حکومەتییەکان کوژرابوو، شەوی ڕابردوو لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان ڕفێندراون. ئەو هێزانە ئیزنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییان لە مزگەوت بە بنەماڵەی شەعبانی نەداوە و ڕێگری لە هەرچەشنە هاتووچۆیەکی خەڵک بۆ ماڵی ئەوان دەکەن.
غەفوور مەولودی خێزاندار و باوکی سێ منداڵە و ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ناوبراو، ڕۆژی هەینی لە گوندی سەهۆڵان لەناو ئاپۆرای خەڵکدا بەڕێوەچوو.
لە لایەکی دیکەوە، میلاد مەعرووفی، لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ، کە ڕۆژی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بە سەختی بریندارکرابوو، ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، بەکارهێنانی چەکی شەڕ و تەقەی ڕاستەوخۆ بەڕووی خەڵک لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
هەروەها، هێزەکانی سەرکوت بە فەرمانی بەرپرسان، بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان بەتەقە کردن لە سەر و ملی خۆپیشاندەران کردووە.
شیاوی ئاماژە پێدانە کە لە بەرخۆدانی ڕۆژی ڕابردوو و لە ڕەوتی مافی ڕەوای بەرگری لەخۆکردنی خەڵک لەبەرامبەر توندوتیژی لە ڕادەبەدەری هێزە حکومەتییەکان، دوو کەس لە ئەندامانی هێزەکانی سوپای پاسداران بە ناوەکانی مەهدی ئەسنا عەشری و ڕەحیم سوبحانی کوژراون.