کوژرانی هاووڵاتییەک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە کرماشان
هەنگاو: سێشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢
کوروش پاژەخ، خەڵکی گوندی سوێرگ سەر بە شاباد و دانیشتووی قەسری شیرین، لە بەرخۆدانی خەڵکی شاری کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، هاووڵاتییەک بەناوی کورش پاژەخ، دانیشتووی قەسری شیرین و پەیڕەوی ئایینی یاری، بەهۆی بەرکەوتنی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە گەڕەکی ئیلاهیەی کرماشان، کوژرا.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، تەرمی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕفێندراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی هەنگاو گەیشتوون، بڕیار وایە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی کوروش پاژەخ، سبەی، چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز لە "کەل داوود" هەڵکەوتوو لە نێوان شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و کرند بەڕێوە بچێت.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر هەتا ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر لە بەرخۆدان و ڕاپەڕینی خەڵکدا، لانی کەم ٤٣ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان کوژراون.