وریا غەفووری لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین دەستبەسەرە
سەرەڕای ئەوەیکە چەندین ماڵپەڕی سەر بە حکومەتی ئێران هەواڵی ئازادی وریا غەفوریان بڵاو کردووەتەوە هەنگاو زانیویەتی وریا یاریزانی خەڵکی س.
هەنگاو؛ یەکشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢
سەرەڕای ئەوەیکە چەندین ماڵپەڕی سەر بە حکومەتی ئێران هەواڵی ئازادی وریا غەفوریان بڵاو کردووەتەوە هەنگاو زانیویەتی وریا یاریزانی خەڵکی سنە تا ئێستا ئازاد نەکراوە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وریا غەفووری یاریزانی یانەی فوولادی خوزستان دوای ئەوەی لە ئەهواز دەستبەسەر کراوە بەپەلە بە فڕۆکە بۆ تاران گوازراوەتەوە و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکان بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات گوازراوەتەوە.
بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی غەفووری، ئەم بنەماڵە ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەز بۆ دیتنی وریا چوونەتە پێش بەندیخانەی ئیڤین بەڵام ئیزنی دیتینیان پێ نەدراوە و تا ئێستاش ئیزنی پەیوەندی تەلەفۆنی بە وریا نەدراوە.
هەنگاو زانیویەتی هێزە سەرکوتکەرەکان دوای دەستبەسەر کردنی وریا غەفووری دەستیان بەسەر مۆبایلی وریا و هەروەها مۆبایلی هاوژینەکەی بە ناوی مۆنا ئەردەڵان گرتووە.
وریا غەفووری ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) دوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی لە شاری ئەهواز و لە پێش چاوی دوو منداڵەکەی و هاوژینەکەی دەستبەر و بە شێوەی بە پەلە بۆ تاران گوازراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە وریا غەفووری پێشینەی یاریکردن لە هەڵبژاردەی ئێران و هەروەها یانەی ئیستقلالی تارانی هەیە.