دوو لاوی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندران
هەنگاو: سێشەممە، ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢
دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی دێشەمس سەر بە شاری شنۆ بە ناوەکانی ئاکام حوسێنی و عیسا ئیبراهیم زادە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندران و چارەنووسیان نادیارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی ئاکام حوسێنی و عیسا ئیبراهیم زادە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندران.
بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بۆ زانینی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو هاووڵاتییە لە ناوەندەکانی سەرکوت هەتا ئێستا بێ ئەنجام ماوەتەوە.
تەقەی ڕاستەوخۆ ڕووبە هاووڵاتییان لە کاتی تێپەڕاندنی ژیانی ڕۆژانە، کوشتنی ڕفێندرا و گیان لەدەستدانی دەستبەسەرکراوەکان لەژێر ئەشکەنجە و هەڵکوتانە سەر ماڵی هاووڵاتییان و لێدان و توندوتیژی بەرامبەر خەڵک بەشێک لەو تاوانانەن کە هێزەکانی حکومەت دژ بە خەڵک ئەنجامی دەدەن..