دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی ١٧ هاووڵاتیی شاری پاوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

ڕەوتی سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیو و ناڕازیی شاری پاوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوامە و لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ١٧ هاووڵاتیی

٩ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٣:٢٣


هەنگاو: چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

ڕەوتی سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیو و ناڕازیی شاری پاوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوامە و لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ١٧ هاووڵاتیی ئەو شارە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٨ی سەرماوەز ٢٧٢٢، لاوێکی خەڵکی شاری پاوە بە ناوی ئارمین عەزیزی تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە لەو شارە ڕفێندراوە.

هەروەها ڕۆژی هەینی، ٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢۵ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، ئەدیب مەنووچێهری، تەمەن ٢۶ ساڵ و شایان ئینفرادی، لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری پاوە ڕفێندراوە. هەر لەو ڕۆژەدا دوو برا بە ناوەکانی پەیمان دەربەندی و پێدرام دەربەندی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، دوو برای دیکە بە ناوەکانی پەیمان غوڵامی و سەیوان غوڵامی و ڕۆژی شەممە، ٢٨ی هەمان مانگ، هاووڵاتییەکی تر بە ناوی ئاسۆ مورادیان دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە؛ ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەر، سەلام شەمسەدینی، پێشەوا دروودگەر تەمەن ٢٤ ساڵ، دوو برا بە ناوەکانی ئاژوان سادقی و ئاسۆ سادقی کە هەردووکیان تەمەنیان ١٩ ساڵ بووە، هەروەها پوویا ڕەحمانی، ئالان ڕەحیمی و ئاروین حوسێنی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیێ ئیران لە شاری پاوە ڕفێندراون.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، سەلام شەمسەدینی، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی حکومەت لە شاری پاوە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێ کراوە، بەڵام لەسەر شوێنی ڕاگیرانی ١٢ هاووڵاتی لەو ڕفێندراوانە تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە