ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی ٢٢ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە

شاری سنە، هاوشێوەی شارەکانی دیکەی کوردستان بەردەوام لەژێر گوشاری هێز و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژ

١٠ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٠:٥٠


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

شاری سنە، هاوشێوەی شارەکانی دیکەی کوردستان بەردەوام لەژێر گوشاری هێز و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژدا، لانی کەم ٢٢ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، ٣ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی کاوە حوسێن پەناهی، فواد حوسێنی و پەرویز ئەمانی لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکان لەو شارە ڕفێندراون.

لە درێژەی ئەم سەرکوتانەدا ڕۆژی یەکشەممە، ۶ی سەرماوەز (٢٧ی نۆڤەمبەر) زانیار عەلیمورادی، پزیشکی ددان و برایەکی ناوبراو بە ناوی ڕامیار عەلیمورادی، خەڵکی گوندی "نەنەڵە"ی شاری سنە و هەروەها یەزدان کەرەمی، تەمەن ٣۶ ساڵ و مەهیار مورادوەیسی، تەمەن ٢٩ ساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە ڕفێندراون.

هەروەها، ڕۆژی شەممە، ۵ی سەرماوەز (٢۶ی نۆڤەمبەر)، بیژەن ڕۆستەمی لە دووکانەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە و هەر لەو ڕۆژەدا چەند هاووڵاتیی تر بە ناوەکانی ئەسعەد مورادی، دانیشتووی گەڕەکی "عەباس‌ئاوا"ی شاری سنە، ئارمین سەلیمی و دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی سیامەک و بابەک لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

پێشتریش لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز (٢٣ی نۆڤەمبەر) سیامەک مینبەری، خەڵکی گوندی "نییەر"ی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.

لەناو ئەو کەسانەدا شەوگەرد گوڵابی، چالاکی بوارە کۆمەڵایەتییەکان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی سێشەممە، ١ی سەرماوەز (٢٢ی نۆڤەمبەر) بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە هەنگاو گەیشتوون، هەر لەو ڕۆژەدا ئاکۆ هیدایەتی، نووسەر و چالاکی بوارە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەر لە درێژەی ڕەوتی سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەری (٢٠ی نۆڤەمبەر)، فەریبورز سوورسووری، تەمەن ۵١ ساڵ و چالاکی بواری ژینگەپارێزی، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، بۆ ئیتلاعاتی حکومەت لەو شارە گوازراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر (١٩ی نۆڤەمبەر)، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی فەرزاد سەڵواتی و سینا مەلایی ڕفێندراون و هەروەها هاووڵاتییەکی تر بە ناوی هێمن حاجی‌میرزایی، ئەندامی تیمی "فەریاکەوتنی خێرا"ی مانگی سووری کوردستان (هلال احمر)، بە شێوەیەکی دڕندانە و لێدان لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە ڕفێندراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە