ناڕوونیی چارەنووسی چوار ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی یارسان

چوار کەس لە ئەندامانی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی یارسان بە ناوەکانی سیاوەش حەیاتی، سەید ئەمین عەباسی، عەلی نەزەری و کاکی فەرزاد ئەڵماسی، هەروەها سێ کەسی د

١٠ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٢١:٥٦


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

چوار کەس لە ئەندامانی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی یارسان بە ناوەکانی سیاوەش حەیاتی، سەید ئەمین عەباسی، عەلی نەزەری و کاکی فەرزاد ئەڵماسی، هەروەها سێ کەسی دیکە کە لەگەڵ ئەو چوار بوون، بە ناوەکانی ڕووزبێ حەیاتی، سەید سروش عەباسی و محەممەد قەبووڵی دەستبەسەر کراون کە ئەو سێ کەسەیان ئازاد کراون و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی چوار کەسی دیکەیان لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی یارسان، سەید ئەمین عەباسی و کاکی فەرزاد ئەڵماسی، هەروەها دوو ئەندامی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە و کەسێکی تر کە لەگەڵیان بووە بە ناوی سەید سیروس عەباسی، لە کاتێکدا کە لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ کرماشان بوون، لە جادەی نێوان سەحنە - کرماشان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ئەو هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.

هاوکات عەلی نەزەری، ئەندامێکی تری بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی یارسان و دوو کەسی دیکە کە لەگەڵ ناوبراو بوون بە ناوەکانی ڕووزبێ حەیاتی و محەممەد قەبووڵی، لە بازگەی پۆلیسی هاتووچۆی شارستانی بێستوون دەستبەسەر کراون و پاش ٢٤ کاتژمێر ئازاد کراون.

ئەو چوار ئەندامەی کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی یارسان و سێ کەسەکەی دیکە کە لەگەڵیان بوون، پاش سەردانیان بۆ شارستانی سەحنە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ هاووڵاتییانی خەڵکی ئەو شارە، لە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەردا دەستبەسەر کراون و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئازاد کرابوون، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ کرماشان جارێکی تر دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتوون؛ ئەو هاووڵاتییانە لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنیاندا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بێڕێزی پێیان کراوە و لێیان دراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە