دیواندەرە؛ لانی کەم ٤ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندران
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەک هاووڵاتی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی حکومەت ڕفێندراون، هەتا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی چوارکەسیان ئاشکرا بکات،
هەنگاو: هەینی، ١١ سەرماوەزی ٢٧٢٢
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەک هاووڵاتی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی حکومەت ڕفێندراون، هەتا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی چوارکەسیان ئاشکرا بکات، کە بریتین لە: ئومێد سلێمانی، سیروان کەرەمی، ئومێد شێر محەممەدی، و ڕەفیق دیوارگەر.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) ئومێد سلێمانی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی ڕفێندرا.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری دیواندەرە، هێزە حکومەتییەکان لەکاتی ڕفاندنی ئومێد سلێمانی، کەڵکیان لە گازی فرمێسک ڕێژ وەرگرتووە و بەهۆی هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی ئەو هێزانە هاوژینی ناوبراو بریندار بووە.
هەروەها لە ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی سەرماوەز، سیروان کەرەمی، ڕاهێنەری وەرزشی وۆشۆ و ئومێد شێر محەممەدی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە شاری دیواندەرە ڕفێندران.
هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی سێشەممە، ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) ڕەفیق دیوارگەری، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندرا.
هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو چوار هاووڵاتییە نادیارە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.