ڕفاندنی لانی کەم ٧ هاووڵاتیی خەڵکی شاری تیکاب لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
پاش ئەوەی خەڵکی شاری تیکاب بۆ پاڵپشتی لە بەرخۆدانی و خۆڕاگریی خەڵکی شاری مەهاباد هاتنە سەر شەقامەکان، ٧ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارە بە ن
هەنگاو: هەینی، ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢
پاش ئەوەی خەڵکی شاری تیکاب بۆ پاڵپشتی لە بەرخۆدانی و خۆڕاگریی خەڵکی شاری مەهاباد هاتنە سەر شەقامەکان، ٧ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی ئومێد عەباسی، سیروان شیوخی، وەحید دەیهەم، کامران قادری، بەهرام ئەکرەمی، سامان مەحموودی و مەهدی مورادی، لەلایەن هێرە حکومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە تیکاب ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازتراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ڕۆژەکانی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) و ڕۆژی سێشەممە، ١ی سەرماوەز (٢٢ی نۆڤەمبەر) ۶ هاووڵاتیی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوەکانی ئومێد عەباسی، سیروان شیوەخی، تەمەن ٢٢ ساڵ، وەحید دەیهەم، تەمەن ٢۶ ساڵ، کامران قادری تەمەن ٢۵ ساڵ، بەهرام ئەکرەمی ٢۵ ساڵ و مەهدی مورادی، تەمەن ٢٣ ساڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە ڕفێندراون.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی سەرماوەز (٢٤ی نۆڤەمبەر) هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوی سامان محەممەدی و کوڕی سابیر، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.
هەموو ئەو هاووڵاتییانە پاش ئەوەی کە ڕفێندراون، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و تا هەنووکەش هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.
دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی بەکۆمەڵی ئەو هاووڵاتییانە لە کاتێکدا بووە کە چەندین شەوی بەردەوام لە هەوڵی سەرهەڵدان ناڕەزایەتی و خرۆشانی شەقامەکانی شاری تیکاب بۆ پاڵپشتی لە بەرخۆدان و خۆڕاگریی خەڵکی شاری مەهاباددا بوون.