ناڕوونی چارەنووسی ٢٤ هاووڵاتی ڕفێندراو لە شاری دێولان

لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا، لانی کەم ٢٤ هاووڵاتی لە شار دێولان دەستبەسەر یاخود ڕفێندراون، کە هەتا ئێستا چارەنووس و دۆخی تەندروستییان ناڕوونە.

١٢ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٤:١٢


هەنگاو: شەممە، ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا، لانی کەم ٢٤ هاووڵاتی لە شار دێولان دەستبەسەر یاخود ڕفێندراون، کە هەتا ئێستا چارەنووس و دۆخی تەندروستییان ناڕوونە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) نەوید سولتانی، تەمەن ١٩ ساڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە شاری دێولان ڕفێندرا.

٢٤ کاتژمێر پێش ئەوەش و لە ڕۆژی سێشەممە ٨ی سەرماوەز، زانا ئەحمەدی، کوڕی ساڵح ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی سەرماوەز، سۆران حوسێن پەناهی، خەڵکی گوندی قروچیا سەر بە شاری دێولان، دوای دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، چیاکۆ محەممەدی، دانیشتووی شاری دێولان، بەشێوەیەکی دڕندانە و بەبەکارهێنانی لێدان کوتان لەپێش چاوی دایک و باوکی لەلایەن هێزەکانی سەرکوت ڕفێندرا. هەر لە هەمان ڕۆژدا، هێزە حکومەتییەکان دوو هاووڵاتی دیکەیان، بە ناوەکانی، فەرید ڕۆستەمی، خەڵک گوندی قروچیا و ئەنوەر شاکر، خەڵکی گوندی "سیس" ڕفاند.

شەپۆلی سەرکوتی هاووڵاتییان لە ڕۆژی ٢٩ی خەزەڵوەر، بە ڕفاندنی دوو هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی شەهرام مەنسووری و عەلی جوانمەردی لە شاری دێولان بەردەوامبوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتووە، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، سەرەڕای ڕفاندنی منداڵێک بەناوی محەممەد حوسێن پەناهی، ئەرسەلان حوسێن پەناهی کوڕی محەممەد ئەمین، ئەرسەلان حوسێن پەناهی، کوڕی ئەحمەد، سیامەک حوسێن پەناهی، بێهزاد حوسێن پەناهی و عەلی حوسێن پەناهی، کە سەرجەمیان خەڵکی گوندی قروچیان دەستبەسەرکران.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری دێولان، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی قروچیا بە ناوەکانی سامان خالدیان، سەنعان حوسێن پەناهی، بێهزاد حوسێن پەناهی و عەلی محەممەد حوسێن پەناهی و هەروەها ئەنسار ڕەحیمی دانیشتووی شاری دێولان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فەردین حەمیدی، یاسین فەتحی، کامەران فەتحی، ئومێد براخاسی و محەممەدی قادری، هاووڵاتییانی خەڵکی دێولان، دەستبەسەرکران و هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە