ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی ئەمیر نەسروڵڵاهی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد

ئەمیر نەسروڵڵاهی، خەڵکی شاری مەهاباد یەکێک لەو هاووڵاتییانەیە کە بە هۆکاری گەیاندنی هاوکاریی دەرمانیی پێویست بە بریندارەکانی ڕاپەڕینی ئەو

١٣ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٧:١٥


هەنگاو: ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

ئەمیر نەسروڵڵاهی، خەڵکی شاری مەهاباد یەکێک لەو هاووڵاتییانەیە کە بە هۆکاری گەیاندنی هاوکاریی دەرمانیی پێویست بە بریندارەکانی ڕاپەڕینی ئەو شارە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ڕفێندراوە و جیا لەوەی کە ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراوە، ناوەندە حکومەتییەکان بە بەڵگەی ساختە و دروستکراوەوە دۆسیەسازییان بۆ ناوبراو کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پرۆسەی دۆسیەسازییەکی ساختەدا، ئەمیر نەسروڵڵاهی لە چالاکانی خەڵکی شاری مەهابادیان لە دادگادا بە چالاکی دژبەری کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو لەم بارەیەوە ڕایانگەیاندووە؛ یەکێک لەو تۆمەتانەی کە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە دراوەتە پاڵی ئەمیر نەسروڵڵاهی، هەوڵدان بۆ تیمارکردن و چارەسەریی بریندارەکانی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی خەڵکی شاری مەهاباد بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتووە؛ پاش تێپەڕبوونی حەفتەیەک لە ڕفاندنی ئەمیر نەسروڵڵاهی، هێشتا بارودۆخی یاساییی ناوبراو ناڕوونە. لەم دوایییانەشدا شایەتحاڵانی گوازتنەوەی ئەو هاووڵاتییە بۆ دادگا، ڕایانگەیادووە کە تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە و لە مەترسیدایە.

بە وتەی ئەو سەرچاوانە، شوێنی ئازار و ئەشکەنجەی دڕندانەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکومەت لەسەر جەستەی ئەمیر نەسروڵڵاهی دیار بووە و ئەو تۆمەتانەی کە لە دادگادا دروانەتە پاڵی، تۆمەتگەلێکی بێبنەما و لە ڕەوتی پەروەندسازییەکی ساختەدایە.

ئەمیر نەسروڵڵاهی باوکی سێ منداڵە کە یەکیان پاش ئەوەی کە لە بارودۆخی باوکی ئاگادار بووەتەوە، تووشی نەخۆشی بووە و هەنووکەش لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، لە ڕەوتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ناڕازییان لە شارەکانی کوردستان، هەموویان لە مافە سەرەتایییەکانی تاوانبارێک وەکوو هەبوونی پارێزەر، ئەشکەنجەنەدان، پێڕاگەیشتنی دەرمانی و ... بێبەری و بیبەش بوون.

دادسەرا و دادوەرەکانی شۆڕش بەتەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵ و بڕیاراتی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندایە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانن وەک دادوەرێکی سەربەخۆ کاری خۆیان کە بە واتای یاسایییەکەی دادوەرییە، جێبەجێ بکەن. لێکۆڵەری دۆسیە، لێکۆڵەرەوە (بازپرس)، دادەوەری بەدواداچوون و جێبەجێکار و پارێزەرە باوەڕپێکراوەکان (پێڕستی تێبینیی ماددەی ٤٨)، لە بەرامبەر دۆسیەی ناڕازییەکاندا بەتەواوەتی بە هاوئاهەنگی یەکتر هەڵسوکەوت دەکەن و دەجووڵێنەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە