ڕفاندنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە

دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی بیاشۆش سەر بە شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی دانا کەریمی و دکتۆر ڕەحیم عەزیزی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە

١٥ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٢:٠٢


هەنگاو: سێشەممە ١۵ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی بیاشۆش سەر بە شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی دانا کەریمی و دکتۆر ڕەحیم عەزیزی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بە شێوەیەکی دڕندانە ڕفێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (۵ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی "بیاشۆش"ی سەر بە شاری جوانڕۆ و دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو گوندەیان بە ناوەکانی دانا کەریمی و دکتۆر ڕەحیم عەزیزی لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراون.

بە وتەی شایەتحاڵان، لە کاتی ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییەدا هێزە حکومەتییەکان شووشەی ماڵەکانی ئەو دوو کەسەیان شکاندووە و ئەمەش بووەتە هۆکاری ترس و دڵەڕاوکێ لەناو بنەماڵەکانیاندا.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی دانا کەریمی و د. ڕەحیم عەزیزی لە بەردەستدا نییە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، ٧ هاووڵاتیی خەڵکی لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی خەڵکی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە کوژراون و ئەو هێزانە بەردەوام کەشێکی ترسێنەریان بەسەر خەڵک و شاری جوانڕۆدا زاڵ کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە