سەپاندنی سزای ١٣۶ مانگ بەندکردن بەسەر دوو هاووڵاتیی خەڵکی دێولان لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی
دوو چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان بە ناوەکانی یاسین فەتحی و مەهدی جەوانمەردی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای.
هەنگاو: سێشەممە، ١۵ی سەرماوەزی ٢٧٢٢
دوو چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان بە ناوەکانی یاسین فەتحی و مەهدی جەوانمەردی، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٣۶ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لقی ٢ی دادگای تاوانەکانی حکومەت لە شاری دێولان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی مەهدی جەوانمەردی و یاسین فەتحی، پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ لە دەستبەسەربوونیان، لە دادگایییەکی فۆرماڵیتەی چەند خولەکی و بەبێ بەشدرایی خۆیان، مەهدی جەوانمەردی بە ۶٩ مانگ و یاسین فەتحی بە ۶٨ مانگ بەندکردن سزا دراون.
بەپێی بڕیاری ئەو دادگایە، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ مەهدی جەوانمەردی و سزای هەر کام لە تۆمەتەکان بەم شێوەیە؛ پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، ٩ مانگ بەندکردن، تێکدانی ئاسایشی گشتی، ١٨ مانگ بەندکردن و پێکهێانی باند و گرووپ بە دژی ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامی، ٢٤ مانگ بەندکردن.
هەروەها یاسین فەتحی ئەو تۆمەتانەی کە دراونتە پاڵ ناوبراو و سزای هەر کام لە تۆمەتەکان بەم شێوەیەن؛ پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی ١٨ مانگ بەندکردن، پێکهێنانی باند و گرووپ بە دژی ئەمنییەتی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامی، ٤٢ مانگ بەندکردن.
بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، لانی کەمی ئەو سزایەی کە دەبێت بەسەر ئەو دوو هاووڵاتییەدا بسەپێت، ٤٢ مانگ بەندکردنە و ئەم بڕیارە دەبێت جێبەجێ بکرێت.
ئەو چالاکە مەدەنییە، لە سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون و لە نزیک بە یەک مانگی ڕابردوودا لەلایەن ئیتلاعاتی حکومەت لە شاری دێولان لێکوڵێنەوە و لێپرسینەوەیان لێ کراون و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکومەت لە شاری سنە گوازراونەتەوە و هەنووکەش لەو بەندیخانەیەن.
شایانی باسە کە مەهدی جەوانمەردی و یاسین فەتحی لە ماوەی تێپەڕکردنی دەستبەسەربوونیاندا، لە هەموو مافە سەرەتایییەکان بەتایبەت هەبوونی پارێزە بێبەش و بێبەری بوون.