هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە بەرخۆدانی شاری سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا

هوومەن عەبدوڵڵاهی، خەڵکی سنە، پاش ماوەیەکی کەم لە پێکرانی بە گوللەی هێزە حکومەتییەکان، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

١٦ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٢٣:٢٨


هەنگاو: چوارشەممە، ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

هوومەن عەبدوڵڵاهی، خەڵکی سنە، پاش ماوەیەکی کەم لە پێکرانی بە گوللەی هێزە حکومەتییەکان، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە، ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) هوومەن عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٢١ ساڵ، دوای ئەوەیکە لە گەڕەکی "حەسەن ئاوا"ی شاری سنە کەوتە بەر دەستڕێژی هێزە حکومەتییەکان و برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

بەوتەی شایەتحاڵان، ئەو هاووڵاتییە گوللە لە سینگی دراوە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە، گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاند کە هێزە حکومەتییەکان گەمارۆی نەخۆشخانەی کەوسەریان داوە و دەیانەوێت تەرمی هوومەن عەبدوڵڵاهی بەمەبەستی ئەسپەردەکردنی لە شەودا و بە نهێنی بڕفێنن.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و بە هەژمارکردنی نوێترین حاڵەت، ٢٠ هاووڵاتی لە شاری سنە، لە بەرخۆدانی جەماوەریی ئەو شارە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان کوژراون.

هەروەها، لە ماوەی ٨٠ ڕۆژ ناڕەزایەتی و بەرخۆدانی خەڵک لە ٤٧ شاری کوردستان، بە پێی ئامارەکانی هەنگاو  لانی کەم ١٢٣ هاووڵاتی کوژراون و زیاتر لە ٨ هەزار کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان برینداربوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە