ناڕوونی چارەنووسی خدر محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی

سەرەڕای تێپەڕینی ١٦ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی خدر محەممەدی، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی لە پیرانشار، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و

١٧ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٨:٤٩


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

سەرەڕای تێپەڕینی ١٦ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی خدر محەممەدی، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی لە پیرانشار، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەست دانییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خدر محەممەدی، خەڵکی پیرانشار، دوای دەستبەسەرکرانی لە ڕۆژی هەینی، ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) هەتا ئێستا لە شوێنێکی نادیار دەستبەسەرە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ زانینی چارەنووسی ناوبراو بێ ئەنجام ماوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتوون، ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی تەنیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەی، هەواڵی درێژ کرانەوەی ماوەی دەستبەسەرکرانەکەی پێ ڕاگەیاندوون و وتوویەتی، کە نازانێت لە چ شوێنێک دەستبەسەرە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە خدر محەممەدی، بەمەبەستی چاوپێکەوتن و بەدواداچوون بۆ دۆخی کوڕەکەی بۆ ئیدارەی پیرانشار بانگکرابوو، کە هەر لەوێ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر دەکرێت.

پێشتر لە ڕێکەوتی، چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز، کوڕی خدر محەممەدی بەناوی هاوار محەممەدی و برازایەکی بەناوی سەلاح محەممەدی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە شاری پیرانشار ڕفێندرابوون.

هاوار محەممەدی، لەدوای ڕۆیشتنی باوکی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ئازاد کراوە، بەڵام سەلاح محەممەدی هێشتا لە دەستبەسەرگەکانی ناوەندە حکومەتییەکان دەستبەسەرە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە