سەپاندنی کەشی میلیتاریزە بەسەر شاری جوانڕۆ پاش ڕفاندنی مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی لەلایەن حکومەتەوە

پاش ڕفاندنی مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و کەسایەتیی ئایینیی شاری جوانڕۆ و کوردستان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، کەشێک

٢٢ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١١:٥٠


هەنگاو: سێشەممە، ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

پاش ڕفاندنی مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و کەسایەتیی ئایینیی شاری جوانڕۆ و کوردستان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، کەشێکی میلیتاریزە بەسەر شاری جوانڕۆدا سەپاوە و هێڵەکانی ئینترنێت و تەلەفۆنیش تووشی کێشە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ١٢:١۵ خولەکی بەربەیانیی سێشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەت لە شاری جوانڕۆ هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مامۆستا سیفوڵڵا حوسێنی، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی "خاتەمولئەنبیا"ی ئەو شارە و لەلایەن ئەو هێزانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ڕفێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعات بە نوێڵ دەرکی ماڵی مامۆستا سەیفوڵڵا، پێشنوێژی جوانڕۆیان شکاندووە و بە پوستاڵەوە هێرشیان کردووەتەوە ناو ماڵی ناوبراو و وێڕای ڕفاندنی ئەو مامۆستا ئایینییە، هاوژینی مامۆستا سەیفوڵڵا بە ناوی خاتوون قادری و تەمەن ۶٠ ساڵ، لەلایەن ئەو هێزانەوە بێڕێزی پێی کراوە و دراوەتە بەر لێدان و دەستی چەپی ناوبراویان شکاندووە. ناوبراو هەنووکەش لە نەخۆشخانەی ڕەسووڵی ئەکرەمی شاری جوانڕۆ لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بە هەنگاو گەیشتووە، پاش ڕفاندنی مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەتەوە، لە بڵیندگۆی مزگەوتی خاتەمولئەنبیا داوا لە خەڵک کراوە کە له پێش دەرکی فەرمانداریی جوانڕۆ کۆ ببنەوە و کەمتر له ٣٠ خولەک پاش ئەو بانگەوازە، زیاتر لە هەزار کەس لە پێش بینای فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری ئازادکردنی ئەو مامۆستایە بوون.

سەرچاوەکانی هەنگاو لەم بارەیەوە ڕایانگەیاندووە کە لە بەیانیی ئەمڕۆ، سێشەممە، ٢٢ی سەرماوەزەوە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەقامەکانی شاری جوانڕۆ جێگیر کراون و هێڵەکانی ئینترنێت و تەلەفۆن تووشی کێشە بوون و بەتەواوەتی کەشێکی میلیتاریزە بەسەر شاری جوانڕۆدا زاڵ بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە