هێزە حکومەتییەکان تەقەیان لە لاوێکی وەرزشوانی ئیلامی کردووە و پاشانیش ڕفاندوویانە

هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەقەیان لە لاوێکی وەرزشوانی خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی جەلیل عەزیزپوور کردووە و سەرەڕای ئەوەش بە ئۆتۆمبێل لێیان .

٢٤ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٠٩:٥٥


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەقەیان لە لاوێکی وەرزشوانی خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی جەلیل عەزیزپوور کردووە و سەرەڕای ئەوەش بە ئۆتۆمبێل لێیان داوە و پاشان ناوبراویان ڕفاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لاوێکی وەرزشوانی خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی جەلیل عەزیزپوور تەمەن ٣١ ساڵ، لە شەقامی ٢٤ مەتری ئەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتوون؛ هێزە حکومەتییەکان پێش ئەوەی ئەو لاوە وەرزشوانە بڕفێنن، بە ئۆتۆمبێل خۆیان بەو هاووڵاتییەدا داوە و دواتر بە گوللەی شەڕ تەقەیان لێ کردووە، پاشانیش ناوبراویان ڕفاندووە و لەو کاتەوە لە مافی چارەسەریی دەرمانی و پزیشکی بێبەرییان کردووە.

هەنگاو ئاگادارە کە دۆسیەی جەلیل عەزیزپوور بۆ لقی ١٠١ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی حکومەت لە شاری ئیلام نێردراوە و ئەگەری زۆرە کە بە «موحارەبە» تۆمەتباری کردووە.

هەنووکە ئەو هاووڵاتییە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیلام گواستراوەتەوە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزە و چاوپێکەوتن بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە