مەترسییەکان لە سەر گیانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد زیاتر بووە

وێڕای دووبارە بڵاوکردنەوەی فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئا

٢٤ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١١:٣٣


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

وێڕای دووبارە بڵاوکردنەوەی فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەترسیی جێبەجێبوونی سزای قورسی سەر ئەم چوار بەندکراوە زیاتر بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (۵ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، بۆ جاری دووەم فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەبار و پژمان فاتیحی لە تەلەڤزیۆنی حکومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کرایەوە، وێڕای ئەوەی کە ناوەندە حکومەتییەکان دۆسیەسازییان بۆ ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە مەترسی و نیگەرانیی ئەگەری جێبەجێبوونی سزای قورسی ئەو هاووڵاتییە زیاتر کردووە.

لە ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو بەندکراوانەدا، شوێن پەنجە و شوێنەواری ئەشکەنجە و لێدانی دڕندانەی هێزە حکومەتییەکان بە ڕوونی دیارە و ئەوەش نیشاندەری بارودۆخی خراپی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردەیە.

موحسین مەزڵووم، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، محەممەد فەرامەرزی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری دێولان، وەفا ئازەربار، تەمەن ٢۶ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و پژمان فاتیحی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری کامێران، ماوەی ١٣٧ ڕۆژە دەستبەسەر کراون و لەو ماوەیەشدا لە سەرەتاییترین مافەکانیان وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ئەو چوار هاووڵاتییە، ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانن و ڕۆژی ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢، لە گوندی "یەنگجە"ی سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆست لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جوانا تەیمەسی، هاوژینی موحسین مەزڵووم پەیامێکی ڤیدیۆییی بڵاو کردەوە و لە پەیامەدا دوایین زانیارییەکان لەسەر بارودۆخی ئەو چوار بەنداکراوە سیاسییەی باس کرد و هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە لەسەر گیرانی ئەو چوار بەندکراوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کاردانەوەی خێرایان هەبێت و داوای لە خەڵکی ئێرانیش کرد کە پێشگیری لە جێبەجێبوونی سزای ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە بکەن.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا باسی لەوەش کرد کە ناوەندە حکومەتییەکان تاکوو ئێستا هیچ وەڵامێکیان بە بنەماڵەی ئەو چوار هاووڵاتییە نەداوەتەوە و خۆیان لە وەڵامدانەوە دەبوێرن، هەروەها وتیشی؛ ناوەندە حکومەتییەکان بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوەیان بانگ کردووە و وێڕای ئەوەی کە لێپرسینەوەیان لێیان کردووە، هەڕەشەیان لە بنەماڵانەش کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە سەرەنجدان بە ڕەواڵی دۆسیەسازیی ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چالاکانی سیاسیی کورد و بەتایبەت ئەندامی حیزبە کوردستانییەکان، وێڕای نیگەرانیی خۆی لەسەر چارەنووسی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، داخوازە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بارەیەوە وەڵامدەر بێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە