ئەشکەنجە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە منداڵێکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد
منداڵێکی خەڵکی مەهاباد، بەناوی زەکەریا خزرپوور، کە یەک مانگە دەستبەسەرە، لەژێر ئەشکەنجە و گوشاری هێزە ح
هەنگاو: سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢
منداڵێکی خەڵکی مەهاباد، بەناوی زەکەریا خزرپوور، کە یەک مانگە دەستبەسەرە، لەژێر ئەشکەنجە و گوشاری هێزە حکومەتییەکان دایە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) زەکەریا خزرپوور، تەمەن ١٦ ساڵ لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەرکرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زەکەریا خزرپوور لە ڕۆژانی یەکەمی دەستبەسەرکرانیدا، بە چاوی بەستراو بە توندی ئەشکەنجە کراوە و ناچار بە واژۆ کردنی چەند بەڵگەیەک کراوە کە ناوەڕۆکەکانیانی نەخوێندووەتەوە.
دوای یەک مانگ ئەشکەنجە و ڕاگرتنی لە بەندە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئەمنییەتی ئورمیە، زەکەریا خزرپوور بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئەو شارە گواستراوەتەوە.
لە ئێستادا، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی ئەم منداڵە لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی ناڕوونە.