هۆشداری لەمەڕ بارودۆخی دەستبەسەرکراوانی دیواندەرە؛ ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتی

نەبوونی هیچ چەشنە زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی و ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتی دەستبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بەناوەکانی ڕامیار وەرمزیار، فەرمانب

٢٩ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١١:٤٧


هەنگاو: سێشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

نەبوونی هیچ چەشنە زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی و ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتی دەستبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بەناوەکانی ڕامیار وەرمزیار، فەرمانبەری فریاگوزاری و هەروەها شەهرام عەبدوڵڵاوەند، ڕاهێنەری بۆکس، نیگەرانی جددی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتاکانی حەوتووی دووەمی سەرماوەزی ٢٧٢٢، ڕامیار وەرمزیار، فەرمانبەری فریاگوزاری و تەمەن ٣١ ساڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە شاری دیواندەرە دستبەسەرکرا.وە

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری دیواندەرە، ئەم هاووڵاتییە، دوای دەستبەسەرکرانی بەشێوەیەکی توندوتیژانە و بەبەکارهێنانی لێدان و کوتان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەتەوە.

هەروەها لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی مانگی سەرماوەز، شهرام عەبدوڵڵاوەند، ڕاهێنەری بۆکس و ئەندامی ناسراوی کۆمەڵگای وەرزشی دیواندەرە دەستبەسەرکراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەردەست دانییە.

دەستبەسەرکراوان و ڕفێندراوانی ٣ مانگی ڕابردووی ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی لە کوردستان بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکاندان و هەتا ئێستا لانی کەم ١٠ کەس لەژێر ئەشکەنجەی ئەو ناوەندانە گیانی لەدەست داوە. دۆخی دەستبەسەرکراوان و ناڕوونی چارەنووسیان نیگەرانی جددی لێکەوتووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە