ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتی خەڵکی مەهاباد، دوای ٣٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران
پاش تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی خەڵکی مەهاباد بە نێوەکانی هێمن ئەحمەد زادە و ئارمان مەعرووفی، چارەنووسیان هەروا ناڕوونە
هەنگاو: چوارشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢
پاش تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی خەڵکی مەهاباد بە نێوەکانی هێمن ئەحمەد زادە و ئارمان مەعرووفی، چارەنووسیان هەروا ناڕوونە و لە مافە سەرەتاییەکانی بەندکراوێک بێ بەرین.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێمن ئەحمەد زادە و ئارمان مەعرووفی، دوای دەستبەسەرکرانیان لە سەرهەڵدانی جەماوەریی شاری مەهاباد، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و هەتا ئێستا هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە بنەماڵەکانیانەوە نەگرتووە.
دوای ٣٤ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی هێمن ئەحمەد زادە و ئارمان مەعرووفی، لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی بەندکراوێک لەوانە دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر یاخود پەیوەندی گرتن بە بنەماڵەوە بێ بەریبوون و شوێنی ڕاگیرانیان بە نادیاری ماوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) ئەم دوو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەرکران.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی خەرمانانی ئەم ساڵەوە هەتاکوو ئێستا، ١٠ هاووڵاتی دوای دەستەبسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.