ڕاپۆرتێک لە سەر کامیار تاهیری هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی بانە لە بەندیخانەی ئامۆل

کامیار تاهیری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە و دانیشتووی مەحموود ئاوا، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری ئامۆل و لە کۆتاییی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لەلایەن هێزە حکومەت

٤ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١١:١٦


هەنگاو: یەکشەممە، ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢

کامیار تاهیری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە و دانیشتووی مەحموود ئاوا، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری ئامۆل و لە کۆتاییی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە؛ پاش ڕفاندن و لێکۆڵینەوەی ناوبراو، بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە و تاکوو ئێستا لەو بەندیخانەیەدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کامیار تاهیری، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، پاش ئەوەی کە بیست ڕۆژ لە گرتنگەی ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئامۆل بووە، بۆ بەندیخانی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە.

ناوەندە حکومەتییەکان، لەو ماوەیەدا تەنیا یەک جار ڕێگەیان داوە کە کامیار تاهیری لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنی هەبێت و لەو چاوپێکەوتنەشدا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئەو هاووڵاتییە ئازاد بکرێت، تەنانەت بە شێوەی مەرجداریش.

شایانی باسە کە کامیار تاهیری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا وەک فەرمانبەری شارەوانیی شاری مەحموود ئاوا سەر بە پارێزگای مازەندەران سەرقاڵی کارکردن بووە.

کامیار تاهیری، ڕۆژی چوارشەممە، ٢۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١۶ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لە شەقامی "هەزار"ی شاری ئامۆل سەر بە پارێزگای مازەندەران و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە