سینا کاکی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان جارێکی تر لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە

سینا کاکی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی خەڵکی کرماشان لە مانگی خەزەڵوەردا، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو

٨ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١١:١٤


هەنگاو: پێنجشەممە، ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢

سینا کاکی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی خەڵکی کرماشان لە مانگی خەزەڵوەردا، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، سینا کاکەیی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان جارێکی دیکە لە ڕاپەڕین و بەرخۆدانی خەڵکی ئەو شارە و لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کرماشان ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی کاکی، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس، بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی سینا کاکی لە بەردەستدا نییە.

سینا کاکی، پێشتریش ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی سینا نادری، یەکێک لە گیانبەختکردووەکانی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی شاری کرماشان، لە گەڕەکی "دەرەدرێژ"ی ئەو شارە و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوا گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەردەوام لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکان بووە و لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.

ناوبراو، ڕۆژی شەممە، ۵ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووش جارێکی دیکە دەستبەسەر کراوە و بە بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو، سینا کاکەیی لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمەتی "پڕوپاگەندا دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" و "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی" دراوەتە پاڵی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە