ڕفاندنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی حەمید گلیم‌پووش و سامان محەممەدی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەو شارە ڕفێندراون و

١١ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٦:٢٣


هەنگاو؛ یەکشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٢


دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی حەمید گلیم‌پووش و سامان محەممەدی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەو شارە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی سامان محەممەدی، لە دووکانەکەی خۆی کە دووکانی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە و لە شارۆچکەی نایسەری ئەو شارەیە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندراوە.

هەروەها حەمید گلیم‌پووش، شاخەوان و چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە، ڕۆژی هەینی، ٩ی بەفرانبار (٣٠ی دیسەمبەر) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە گەڕەکی نایسەری ئەو شارە ڕفێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تاکوو ئێستا چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە ناڕوونە و شوێنی ڕاگیرانیشیان نادیارە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.

لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، زۆر ڕاپۆرتی جیاواز و جۆراوجۆر لەسەر بارودۆخی خراپ، ئەشکەنجە و ئازاردانی گیراوان و بەندکراوان لەلایەن هێز و ناوەندە حکومەتییەکان و هەروەها ڕاگرتنیان لە کەش و بارودۆخی خراپ و دژوار بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، ئەمەش نیگەرانیی زیاتری لێ کەوتووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە