ساسان چەمەن ئارا سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
ساسان چەمەنئارا، هونەرمەندی خەڵکی شاری ئیلام، لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید عەلی مەزڵووم"، س
هەنگاو: دووشەممە، ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢
ساسان چەمەنئارا، هونەرمەندی خەڵکی شاری ئیلام، لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید عەلی مەزڵووم"، سزای ۵ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید عەلی مەزڵووم"، بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش نیشتمانی" و "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی"، سزای ۵ ساڵ بەندکردنی بە سەر ساسان چەمەن ئارادا سەپاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی چەمەنئارا، پارێزەرەکەی ساسان چەمەنئارا، تەنیا یەک جار دەستی بە دۆسییەکەی ساسان گەیشتووە و ئەویش لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەیدا بووە، بۆیە کاتی پێویست بۆ خوێندنەوەی دۆسییەکەی و بەرگریکردن لە ناوبراو نەدراوە بە پارێزەرەکەی.
هەروەها ئەو هاووڵاتییە، جیا لەوەی کە تاکوو ڕۆژی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە، لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکومەتییەکاندا زۆر ئەشکەنجەیان کردووە و تەنیا جارێکی پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە.
ساسان چەمەنئارا، ڕۆژی هەینی، ١۵ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ماوەی ٢١ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ١٨ ڕۆژیش لە بەندی "٢٠٩"ی بەندیخانەی ئێڤین، سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتیی حکومەتدا بووە.