ژمارە ڕفێندراوانی شاری جوانڕۆ بەرز بووەوە؛ چوار هاووڵاتی دیکە ڕفێندران
لە درێژەی هەڵمەتی ڕەشبگیری هاووڵاتییانی خەڵکی جوانڕۆ لەم حەوتووە، ناسنامەی ٤ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی سەعدی قادری، پەیام سدیقی، کەیوان سەرچەمی و بە
هەنگاو: سێشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٢
لە درێژەی هەڵمەتی ڕەشبگیری هاووڵاتییانی خەڵکی جوانڕۆ لەم حەوتووە، ناسنامەی ٤ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی سەعدی قادری، پەیام سدیقی، کەیوان سەرچەمی و بەردیا عەزیزی بۆ هەنگاو ئاش کرابووە، بە هەژمارکردنی ئەم حاڵاتانە ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم سێ ڕۆژەی دوایی جوانڕۆ بۆ ١٢ کەس بەرزبووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کەیوان سەرچەمی، خەڵکی جوانڕۆ ئێوارەی دووشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢ی جەنیوەری ٢٠٢٣) لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندرا.
هەر لەم ڕاستایەدا، سەرلەبەیانی دووشەممە، بەردیا عەزیزی، تەمەن ١٨ ساڵ لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندرا.
هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٢، سەعدی قادری، تەمەن ٣٣ ساڵ، لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکان لە شاری جوانڕۆ ڕفێندرا.
لە ڕۆژی ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢، پەیام سدیقی، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بەبەکارهێنانی لێدان و بەشێوەیەکی توندوتیژانە ڕفێندرا.
ئەم ٤ هاووڵاتییە لە دوای ڕفاندرانیان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەست دانییە.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە پێشتر هەنگاو ناسنامەی ٨ هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆیی بەناوەکانی یاسر هیدایەتی، ئیدریس بەدیعی، شاهین مواردی، ئوسامە یوسفی، یەحیا عەبدی، ئیدریس فەتحی، فەرەیدوون ئەحمەدی و سادق موستەفایی کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندراون، ئاشکراکردبوو.