بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی خەڵکی جوانڕۆ؛ ئاشکرابوونی ناسنامەی ٢١ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو
لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکردنی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە، ٩ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی ڕامسین ڕەحیمی ١
هەنگاو: سێشەممە، ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٢
لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکردنی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە، ٩ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی ڕامسین ڕەحیمی ١٦ ساڵە، فەرهاد مەنووچێهری، فەرزاد مەجیدی، ساسان بەهرامی، ئەرسەلان نەزەری، میکاییل وەیسی، یەحیا مورادی، حیسام محەممەدیتەبار و نەوید مورادی کە هەردووکیان تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بووە و هەروەها ڕامسین ڕەحیمی، تەمەن ١۶ ساڵ، لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەو هاووڵاتییانەی شارەی جوانڕۆ، لە ماوەی سەرلەئیواری ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢ی جەنیوەری ٢٠٢٣) و بەرەبەیانیی سێشەممە، ١٣ی بەفرانباری (٣ی جەنیوەری)، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون.
لەو نێوانەدا حیسام محەممەدیتەبار و تەمەن ١٨ ساڵ، لە شەقامی "سەعدی"ی ئەو شارە لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندراوە و تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوون و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە.
هەروەها ڕامسین ڕەحیمی، تەمەن ١۶ ساڵ، نەوید مورادی، تەمەن ١٨ ساڵ، فەرهاد مەنووچێهری، فەرزاد مەجیدی، تەمەن ١٩ ساڵ، ساسان بەهرامی، ئەرسەلان وەیسی، میکاییل وەیسی و یەحیا مورادی، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری جوانڕۆ، ئەو کەسانەی کە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتی گواستراونەتەوە.
شایانی باسە کە پێشتر هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاندووە کە ژمارەی دەستبەسەرکراوانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، زیاتر لە ٣٠ کەسن و ئەو هاووڵاتییانەش بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراون.
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکردنی ١٢ هاووڵاتیی دیکە لە شاری جوانڕۆ و لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا بە ناوەکانی پەیام سادقی، ئیدریس بەدیعی، کەیوان سەرچەمی، بەردیا عەزیزی، یاسر هیدایەتی، یەحیا عەبدی، ئیدریس فەتحی، فەریدوون ئەحمەدی و سادق مستەفایی بڵاو کردووەتەوە.