دەستبەسەرکردنی مێهرداد قادرمەرزی، هاووڵاتیی خەڵکی قوروە و گوشاری بۆ سەر بنەماڵەکەی

هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەت لە شاری قوروە، وێڕای دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی ئەو شارە بە ناوی مێهرداد قادرمەرزی، بە مەبەستی گوشار هێنان بۆ سەر بنەماڵەکەی، دەست

١٤ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٣:٤٠


هەنگاو: چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢

هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەت لە شاری قوروە، وێڕای دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی ئەو شارە بە ناوی مێهرداد قادرمەرزی، بە مەبەستی گوشار هێنان بۆ سەر بنەماڵەکەی، دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێل و سەرجەم کەرەستە و کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی بنەماڵەی ناوبراودا گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ مێهرداد قادرمەرزی، ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری قوروە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری قوروە، هێزەکانی ئیتلاعات دەستیان بەسەر دوو لاپتۆپ و مۆبایلی ئەو هاووڵاتییە و هەروەها مۆبایلی کەژوان و مەسعوود قادرمەرزی، برا و باوکی ناوبراو و ئۆتۆمبێلی ئەو بنەماڵەیەدا گرتووە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە لە وەڵامی بەدواداچوونەکانی مەسعوود قادرمەرزی، داوایان لە باوکی مێهرداد کردووە کە لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێل و کەرەستە و کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی ئەو بنەماڵەیەدا، کەژوان قادرمەرزی کە کوڕێکی تری ئەو بنەماڵەیە، ڕادەستی ئیتلاعات بکەن.

بە وتەی کەسێکی نزیکی بنەماڵەی قادرمەرزی، ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە قوروە تاکوو ئێستا لەسەر بارودۆخی مێهرداد قادرمەرزی هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە و وابێژیی ئەوەش دەکەن کە کوڕەکەیان لەلای ئەوان نییە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنییەتی نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، لە درێژەی باسەکەیدا بۆ هەنگاو وتی: "هەنووکە مێهرداد قاردمەرزی، پاش ئەوەی کە لە قوروە بۆ سنە گواستراوەتەوە، لە گرتنگەی ئیتلاعات لەو شارەیە و بەردەوام لەژێر لێکۆڵینەوەی هێزەکانی ئەو ناوەندەدایە".


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە