دوو لاوی خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی هاوڕێ قادری و ساسان کووهی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

١٤ بەفرانبار ٢٧٢٢، ٢٢:٤٠


هەنگاو: چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی هاوڕێ قادری و ساسان کووهی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هاوڕێ قادری، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، ڕۆژی دوو شەممە، ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢ی جەنیوەری ٢٠٢٢)، لە پێش دەرگای ماڵەکەی خۆیان و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە.

هەروەها ٢٤ کاتژمێر پێشتریش، واتە ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی بەفرانبار، لاوێکی دیکەی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی ساسان کووهی و تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری مەریوان؛ ئەو دوو هاووڵاتییە پاش ئەوەی کە ڕفێندراون، لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە تاکوو ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە و هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکانیان بەدەست نەهێناوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە