بانگکردنی دووبارەی جەبار تەهماسبی، بەڕێوەبەری بڵاوکراوەی "ماف" لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکان

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ دووەمین جار لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، جەبار (هێژا) تەهماسبی، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بانگ کرد.

١٥ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٣:٥٥


هەنگاو: پێنجشەممە ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢٢

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ دووەمین جار لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، جەبار (هێژا) تەهماسبی، بەمەبەستی لێپرسینەوە بانگ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جەبار تەهماسبی، بەڕێوەبەری بڵاوکراوەی ماف و بەڕێوەبەری ماڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگکرا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو، پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە بانگ کرابوو.

شیاوی ئاماژە پێدانە، هاوکات لەگەڵ بانگکردنی ئەم چالاکی بواری ڕاگەیاندنە لە مانگی سەرماوەز، هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بڵاوکراوەی ماف، لەلایەن "جێگری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کولتوور و ئیرشادی ئیسلامی کوردستان" ڕاگەیەندرابوو.

هەر لەم ڕاستایەدا، حەمید نیکخا، خەڵکی مەریوان و دیزاینەر و گرافیستی بڵاوکراوەی ماف، لە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی فشافویە گواسترابووە و دوای ١٤ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

بڵاوکراوەی ماف، ئۆرگانی "دامەزراوەی یاسایی خوێندکارانی ماف لە کوردستان"بۆ یەکەم جار لە مانگی خەرمانانی ٢٧١٨ بڵاو کرایەوە لەو کاتەوە بابەتگەلێکی لە چەشنی "مافەکانی ژنان" " و "مافی کەمینەکان" تێیدا بڵاودەکرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە