ناڕوونی چارەنووسی دکتۆر موحسین سوهرابی، خەڵکی بۆکان لە دوای ڕفاندنی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە شاری سنە

موحسین سوهرابی، وەرزشکاری خەڵکی بۆکان و پزیشک لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندراوە و چارەنووسی ناوبراو هەتا ئێستا ناڕوونە.

١٧ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٢:١٥


هەنگاو: شەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢

موحسین سوهرابی، وەرزشکاری خەڵکی بۆکان و پزیشک لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندراوە و چارەنووسی ناوبراو هەتا ئێستا ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١ی جەنیوەری ٢٠٢٣) موحسین سوهرابی، خەڵکی بۆکان، دوای تەواوبوونی کار و هاتنەدەرەوەی لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندرا. وە

ڕفاندنی ئەم هاووڵاتییە لە کاتێکدایە، کە ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، داوایان لە ناوبراو کردبوو سەردانی ئەو ناوەندە بکات.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای ڕفاندنی موحسین سوهرابی، بەمەبەستی پشکنین هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی لە شاری سنە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە، لەم ماوانەی دواییدا، بەشی پاراستنی (حراست) نەخۆشخانەی کەوسەر لە سنە، بەڵێنی نووسراویان لەم پزیشکە وەرگرتبوو و چەندین جاریش لەلایەن ناوەندەکانی سەر بە حکومەتەوە بە پەیوەندی تەلەفۆنی هەڕەشەی لێکرابوو.

موحسین سوهرابی، وەرزشکاری لەشجوانییە و لە پێشبڕکێکانی ئاستی وڵاتدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. هەروەها ناوبراو لە دەستەی دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی خێرخوازی تیشکی میهری منداڵان لە شاری سنەیە.


سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە یەک حەوتوو بەسەر ڕفاندنی ئەم هاووڵاتییە، هەتا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو نادیارە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بێ ئەنجام ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە