ئەشکەنجە کرانی سێ مێرمنداڵی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پاوە لە دەستبەسەرگەدا
سێ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوەکانی ئارین مەحموودی، محەممەد وەلەدبەیگی و هێژا سولەیمانی، خەڵکی پاوە، ماوەی یەک مانگە کە لە دەستبەسەرگە حکومەتییەکان
هەنگاو: چوارشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٢
سێ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوەکانی ئارین مەحموودی، محەممەد وەلەدبەیگی و هێژا سولەیمانی، خەڵکی پاوە، ماوەی یەک مانگە کە لە دەستبەسەرگە حکومەتییەکان لە شاری پاوە و کرماشان لە ژێر دژوارترین ئەشکەنجەکاندان.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئارین مەحموودی، محەممەد وەلەدبەیگی هێژا سولەیمانی بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە دەستبەسەرگەکانی ئیتلاعاتی سوپا ئەشکەنجە کراون.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ مێرمنداڵە تەمەن ١٦ ساڵە، بارودۆخی تەندروستییان جێگای نیگەرانییە.
ئەم سەرچاوە، لەزاری شایەتحاڵێکەوە لە درێژەدا ڕایگەیاند: "لەکاتی گواستنەوەی ئەم سێ منداڵە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاوە بۆ کرماشان، ئاسەواری شکان و مۆربوونەوە لەسەر دەست و دەموچاوییان بینراوە."
ئارین مەحموودی، محەممەد وەلەدبەیگی و هێژا سولەیمانی، لە نیوەی دووەمی مانگی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە شاری پاوە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەرکراون و دوای تێپەڕاندنی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی لە "مەیدان نەفت"ی کرماشان گواستراونەتەوە.
لەم دواییانەدا، هەنگاو هەواڵی دەستبەسەرکرانی ١١ مێرمنداڵ و منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، لە شارەکانی کوردستان، لەسەرەتای حەوتووی یەکەمی ساڵی نوێی زایینی بڵاوکردبووەوە.