ڕاپۆرت: دەستبەسەرکردنی ١١ هاووڵاتیی دیکەی شاری جوانڕۆ، ژمارەی دەستبەسەرکراوان گەیشتە ٣٩ کەس

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ١١ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری جوانڕۆ کە ٤ کەسیان منداڵن، بە ناوەکانی پەیام محەممەدی، پارسا ئەفشارنیا، میحراب مورادی، ح

٢١ بەفرانبار ٢٧٢٢، ٢٣:٢٩

 

هەنگاو: چوارشەممە، ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٢

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ١١ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری جوانڕۆ کە ٤ کەسیان منداڵن، بە ناوەکانی پەیام محەممەدی، پارسا ئەفشارنیا، میحراب مورادی، حوسێن فەتحوڵڵاهی، پێدرام غەفووری، کەماڵ زاهیری، موعەید حوسێنی، مانی نووری، ماهان بابایی، کیان میرئەحمەدی و سوهەیل قەنبەری، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١١ی جەنیوەری ٢٠٢٢)، پەیام محەممەدی، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە. هاوکات حوسێن فەتحوڵڵاهی، وەرزشوانی بواری "MMA"ی وەرزشی "UFC" و هەروەها پوورزاکەی بە ناوی میحراب مورادی، وەرزشوانی بواری ڤۆشو لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی بەفرانبار (١٠ی جەنیوەری)، چەند هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی موعەید حوسێنی، تەمەن ١٧ ساڵ، پارسا ئەفشارنیا، تەمەن ٢١ ساڵ، پێدرام غەفووری و کەماڵ زاهیری، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی بەفرانبار (٨ی جەنیوەری)، ماهان بابایی و تەمەن ١٤ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی مانی نووری، تەمەن ١٧ ساڵ و کیان میرئەحمەدی، تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون.

پێشتریش، واتە ڕۆژی پێنجشەممە، ١۵ی بەفرانبار (۵ی جەنیوەری)، سوهەیل قەنبەری، قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێنداوە و بۆ گرتنگە حکوومەتییەکان لە شاری کرماشان گواستراوەتەوە.

تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر بارودۆخ، چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و دۆخی تەندروستیی ئەو ١١ هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە و هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە.

بە تۆمارکردنی ئاماری ئەو ١١ کەسە و هەروەها بەپێی ئاماری ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا لانی کەم ٣٩ هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون کە ١٢ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵە.


ڕەشبگیری و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی شاری جوانڕۆ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی گیانبەختکردووانی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەو شارە کە ئاڵۆزی لێکەوتەوە و بورهان ئەلیاسی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا دەستی پێ کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە